نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ زیاتر لە (٨٠) ملیۆن دۆلار لە پارە دزراوەکەی کە بە قاچاخ لە وڵاتەکەیەوە برابووە دەرەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیان دووبارە بیخەنە سەر خەزێنەی دەوڵەتەوە".
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە" لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ وەرگرتنەوەی پارەی قاچاخی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات، لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیان بڕی زیاتر لە (٨٠) ملیۆن دۆلار لەو پارە دزراوانە وەربگرنەوە و دووبارە بیخەنەوە ناو گەنجینەی دەوڵەت".
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تا ئێستا بڕی ٣١٧ ملیار و ٥٣٥ ملیۆن و ٥٣٦ هەزار و ٥٢٥ دینار لە پارەی دزی سەدە گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.