محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ڕێوشوێنەكانی حكومەت بەردەوام دەبن كە ئامانج لێیان گەیشتنە بە سەقامگیری لە بازاڕی دراودا.
نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، رۆژی پێنجشەممە سودانی سەرپەرشتی چوارەمین كۆبونەوەی یەكێتی ژورە بازرگانییەكان و كۆمەڵەی بانكەكانی عێراقی كرد، محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووە "ئەو چاكسازییە ئابورییانەی كە حكومەت لە پلاتفۆرمی وەزارییەكەیدا پەسەندی كردوە، هەروەها جێبەجێكردنی چاكسازی دامەزراوەیی وەك خاڵی دەستپێك بۆ چاكسازیی هەمەلایەنە لە پێكهاتەی دەوڵەتدا بەردەوام دەبن".
ناوبراو روونیكردۆتەوە، ئامانج لە چاكسازییەكان، گەیشتنە بە سەقامگیری لە بازاڕی دراودا، هەروەها بەدواداچون بۆ ئەو كەسانەی دەستكاری نرخ دەكەن و هەوڵی ناسەقامگیری بازاڕ دەدەن، لە كاتێكدا دەزگا ئەمنیەكان بەردەوامن لە چاودێریكردن و لێپرسینەوەیان لە ڕوی یاساییەوە.