عه‌لی عه‌لاق: له‌ واده‌ی كۆتایی هاتن به‌ قه‌یرانی دراو نزیك بووینه‌وه‌


پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق رایگەیاند" لەڕێگەی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە لە كۆتاییهاتن بە قەیرانی نرخی دراو نزیكبوونەتەوە".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە لە پەراوێزی دیداری سلێمانی ڕایگەیاند عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق ئاشكرایکرد، بەهۆی رێكارە نوێیەكانی بانكی ناوەندیی، توانیویانە چەندین سەرپێچی ئاشكرابكەن و بەو هۆیەوە تا ئێستا مۆڵەتی كاركردن لە بانكێك و ژمارەیەك كۆمپانیا وەرگیراونەتەوە و كاری هەندێك كۆمپانیاش بەیەكجاری راگیراوه.

پارێزگاری بانکی ناوەندی وتیشی " بەر لە ماوەیەكی كەم چەند كۆبوونەوەیەكی تێر و تەسەلمان لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و وەزارەتی گەنجینە و بانكی ناوەندیی ئەمەریكا ئەنجامداوە و دیراسەیەكی قووڵمان بۆ چارەسەركردنی هەڵئاوسان و جیاوازی نرخی دراو كردووە و چەند رێكاری نوێش بۆ كەمكردنەوەی ئەو جیاوازییە گیراونەتە بەر و لە داهاتووشدا رێككاری نوێمان دەبێت".  

عەلی عەلاق ئەوەشی خستەڕوو کە ئاماژەكان دەریدەخەن لەو قۆناغە نزیك بوونەتەوە، كە تێیدا هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو هەیە.

ئەم لێدوانانەی عەلی عەلاق و بەرپرسانی بانکی ناوەندی و بەرپرسانی حکومەت تا ئێستا نەبۆتەهۆی دابەزاندنی نرخی دۆلار بەو ئەندازەیەی کە خۆیان رایانگەیاندووە کە هەر ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢ هەزار دینار بێت.




PM:11:01:17/03/2023