لە ڕاگەیەندراوێکدا کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی نوێی بارانبارین روو لە وڵات بکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، سبەینێ دووشەممە بە گشتی ئاسمان ساماڵ و هەوراو دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور بەرزدەبنەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستانیش پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.
کەشناسی عێراق دەربارەی کەشوهەوای رۆژی سێشەممە ئاماژە بەوەدەکات، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش لە سەرتاسەری وڵات روو لە بەرزبوونەوە دەکەن، هاوکات رۆژی چوارشەممەش ئاسمانی وڵات کەمێک هەور دەبێت.
دەشڵێت" رۆژی پێنجشەممە ئاسمان هەور دەبێت و نمەبارانی کەم و مامناوەند دەبارێت کە لە هەندێک لە ناوچەکان هەورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت".