سه‌رۆكى پێشووی دیوانى وه‌قفى سونى عێراق له‌ زیندان هه‌ڵات

سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننەی عێراق لەناو بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەی سەوز هەڵات. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، درەنگانی شەوی ڕابردوو سەعد کەمبەش سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننەی عێراق، لە بنکەی پۆلیسی کەرادە مریەم لە بەغداد هەڵات کە پێشتر لەسەر "گەندەڵی" سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بوو. 

دوای ڕووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی ئەفسەری بەشی پۆلیسی ساڵحییە و ئەفسەری بنکەی پۆلیسی کەرادە مریەم و ئەفسەری ئێشکگری بنکە، بەهۆی هەڵاتنی  سەعد کەمبەش لە بنکەکە.
 
هەروەها لە ئێستاشدا وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنەوەی ناوبراو بەردەوامە. 

ڕۆژی ٢١ی مانگی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە ڕایگەیاندبوو، سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی فەرمانگەی ئەوقافی سوننە بە تۆمه‌تى "گه‌نده‌ڵى دارایی" لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە.



AM:09:03:19/04/2023