لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، باسی پرسی مووچە و جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەكرا.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی كۆبووەوە و بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك پڕۆژە یاسای حكومەتی پێشوو، لەوانەش پڕۆژە یاسای پشووە فەرمییەكان.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانكردنی یەك ترلیۆن دینار بۆ كۆبۆنی خۆراك و تەرخانكردنی بڕی یەك ترلیۆن و 790 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەكانی جوتیاران ئەمەش بە گوێرەی ماددەی شەستی یاسای بودجەی فیدراڵی.
هەرچەندە چاوەڕوان دەكرا ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات، بەڵام بەپێی راگەیەنراوەكە، باسی مووچە نەكراوە.