وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق ڕۆژی پێنجشه‌ممه ته‌واوبونی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای نوێی ڕاگه‌یاند وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ وه‌رزی زستان و دوپاتیكرده‌وه، "پێدانی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری له سه‌رتاسه‌ری عێراق نزیكه".
دوێنێ پێنج شەممە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئه‌حمه‌د مو‌سا وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با رایگه‌یاند، "وه‌زاره‌ته‌كه‌یان چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی به سه‌رۆكایه‌تی زیاد فازڵ وه‌زیری كاره‌با ئه‌نجامداوه و تیایدا ڕێنمایی خستۆته‌ڕو به‌مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردن بۆ لوتكه‌ی فشاری زستانه، ئه‌مه‌ش پێویستی به هه‌ندێك چاككردنه‌وه‌ی وه‌رزی و به‌په‌له‌ی یه‌كه‌كان هه‌یه، هه‌روه‌ها وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ئاماده‌بكرێن بۆ كاركردن و زۆرترین توانایان بخه‌نه‌گه‌ڕ تاوه‌كو له‌كاتی فشاری زۆری خواستدا كێشه‌ی كاره‌با دروست نه‌بێت".
وتیشی، "هێڵی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای نوێ هه‌یه كه ده‌مانه‌وێت بیخه‌ینه كار، له‌ئێستاشدا پشكنینیان بۆ كراوه، هه‌روه‌ها وێستگه‌ی جێگیر و گه‌ڕۆكیش له وێستگه‌كان دانراون تاوه‌كو بتوانرێت بخرێنه خزمه‌ته‌وه و كاریان پێبكرێت".
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاشكراشیكردوه، پلانی گشتگیر هه‌یه بۆ كه‌رتی دابه‌شكردن كه گۆڕینی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردن و ڕێڕه‌وی فیده‌ره‌كان، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕی تۆڕه‌كان و فشاری زۆر، لێكۆڵینه‌وه‌ش له په‌ره‌پێدانی فیده‌ره‌كان ده‌كرێت و هه‌مو ئه‌م كارانه‌ش بۆئه‌وه‌ن له‌كاتی زستان و فشاری زۆردا قه‌یرانی گه‌وره روونه‌دات.
ئه‌حمه‌د مو‌سا ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، پێدانی كاره‌با له به‌غدا و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق نزیكه له كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری، به‌ڵام هه‌ندێك ناوچه به‌ده‌ست پچڕانی هێڵه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن له ئه‌نجامی كاره‌كانی پشكنینی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه و وێستگه‌كان به‌مه‌به‌ستی هێنانه ناو كار و به‌ستنه‌وه‌یان به هێڵه‌كانی گواستنه‌وه و به‌ستنه‌وه‌یان تۆڕی كاره‌بای گشتی، ئه‌م كارانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك ناوچه بۆ ماوه‌یه‌ك بێ كاره‌با بن.