ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤ هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆی عێراق و سوریا واژووکردنی یاداشتێکی هاوکاری ئەمنیان ڕاگەیاند کە" پێنج تەوەری لە خۆگرتبوو".
عەبدول ئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا کە ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد خالد ڕەحمون، وەزیری ناوخۆی سوریا لە بارەگای وەزارەتەکەی لە بەغدا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ وەزیر و شاندی یاوەری بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا یاداشتنامەیەک لە بواری هەماهەنگی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات واژۆکرا".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە یاداشتەکەدا کۆمەڵێک ماددەی پەیوەست بە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە خۆگرتووە، دیارترینیان هاوکارییە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها کۆنترۆڵکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و ڕادەستکردنەوەی داواکراوان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان و سپیکردنەوەی پارە، هەموو ئەو ماددە و بابەتانەی کە واژوو کراون دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لای خۆیەوە محەمەد ڕەحمون وەزیری ناوخۆی سوریا لە میانی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوەدا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق باسیان لە شێوازەکانی هاریکاری لە هەموو بوارەکان بە تایبەتی لە بواری ئەمنیدا کردووە.
وتیشی" دیاردەیەکی تاوانکاری لە نێوان هەردوو وڵات هەیە کە لە لایەن باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەرێوەدەبرێت".