وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ئاماژە بەوەدەکات کە بڕی بارانبارین لە وەرزی بارانباریندا تاڕادەیەک نزیک بووەتەوە لەو بڕەی کە پێویست بوو و دەڵێت" یەدەگی ئاوی عێراق لە ئەم وەرزی بارانبارینەدا بۆ سێ ئەوەندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە".
ئەمڕۆ چوارشەممە ، خالید شەماڵ وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند" بڕی بارانبارین لە وەرزی بارانباریندا تاڕادەیەک نزیک بووەتەوە لەو بڕەی کە پێویست بوو، و یەدەگی ئاوی عێراق لە ئەم وەرزی بارانبارینەدا بۆ سێ ئەوەندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە و ئەوەش دەبێتە هۆی وەرزی کشتوکاڵی هاوینە لە عێراق سەرکەوتووبێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانباریندا ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و موسڵ و حەزیم و حەمرین بەرز بوونەتەوە، لەگەڵ چەند بەنداوێکی دیکەی بچووک لە هەرێمی کوردستان، کە کاریگەری گەورەی لەسەر یەدەگی ئاوی عێراق هەبووە.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاشکرایکرد" ئاوی خواردنەوە لە عێراق بە رێژەی ١٠٠٪ پاک و تەندروستە و هەروەها بۆ بەکارهێنانی پێداویستییەکانی ناوماڵ و تەندروستی و ژینگە و پیشەسازیش بە رێژەی ١٠٠٪ تەندروست و پارێزراوە".