وەزراەتی دارایی عێراق: لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٤ داهات زیاتر ٣١ ترلیۆن دینار بووە

بە پێی راپۆرتی وەزراەتی دارایی عێراق لەبارەی داهات و خەرجی گشتی عێراق لە چارەکی یەکەمی (٢٠٢٤)دا، زیاتر لە (٦ ترلیۆن) دینار بە ڕێژەی (١٩%) سەرڕێژی داهات هەبووە.

بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق کە لەبارەی  داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بڵاوکردووەتەوە" تا مانگی ئازاری ساڵی (٢٠٢٤)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) نزیکەی (٣١ ترلیۆن و ٢٢٣ ملیار) دینار بووە. نزیک لە (٢٧ ترلیۆن و ٦٨٩ ملیار) دیناری بە رێژەی (٨٩%) داهاتی نەوت و نزیکەی (٣ ترلیۆن و ٥٣٤ ملیار) دیناری بە رێژەی (١١%) داهاتی نانەوتی بووە".

راپۆرتەکەی ئەوەشی خستووەتەڕوو" کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، پتر لە (٢٥ ترلیۆن و ٧٧ ملیار) دینار بووە، کە (٩٢.٤%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (٧.٦%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە".

ئاماژەی بەوەشداوە  دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (١٩.٢%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (٦ ترلیۆن ١٤٥ ملیار و ٧١٠ ملیۆن) دینار و داهات سەرڕێژی کردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راپۆرتەکەیدا بڵاویکردووەتەوە کە"  زیاتر لە (٢ ترلیۆن و ٢٢٣ ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە (١٢٧ ملیار و ٥٠٧ ملیۆن) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار نزیکەی (١٣ ملیار و ١١٥ ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (٢ ترلیۆن و ٨٢ ملیار) دینار خەرجیان هەبووە".




PM:04:15:17/05/2024