میشعان جبوری:لایەنگرانی مەشهدانی خۆیان ئامادە كردووە دانیشتنی پەرلەمان تێكبدەن

سەرۆكی حزبی نیشتمانی دەڵێت" ئەگەر سالم عیساوی نزیكببێتەوە لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لایەنگرانی مەحمود مەشهدانی خۆیان ئامادە كردووە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان تێكبدەن".

میشعان جبوری سەرۆكی حزبی نیشتمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"  زانیاری هەیە ئەگەر سالم عیساوی لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا, نزیكببێتەوە لە سەركەوتن ئەوا لایەنەكانی نزیك لە مەحمود مەشهدانی دانیشتنی پەرلەمان تێكدەدەن،  وەك ئەوەی لە دانیشتنی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكدا روویدا ".

راشیگەیاند" عیساوی پشتیوانیەكی زیاتری هەیە لە مەحمود مەشهدانی و خاوەنی عەقلێكی سیاسیە، بەڵام مەشهدانی كە كاندیدی حەلبوسیە، وەك ئەو سەركێشە".

میشعان جبوری وتیشی" مەشهەدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەستبهێنێت دەرفەت بۆ محەمەد حەلبوسی دەرەخسێنێت، لەدوورەو هەژموونی خۆی بەسەر پەرلەماندا بسەپێنێتەوە، بردنەوەی عیساویش وادەكات حەلبوسی زۆرێك لە جەماوەرەكەی لە ئەنبار لە دەستبدات".

بە پێی کارنامەی دانیشتنەکە کە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە سبەینێ شەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٤  ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت کە لە پشکی سوننەکانە و زیاتر لە شەش مانگە ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە.




PM:05:31:17/05/2024