تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە

ئەمڕۆ چوار شەممە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا کە تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق تا ٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ درێژبکاتەوە.

بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تا ئێستا بەم دواخستنەوە چوار جار دواخراوە، ئەمڕۆ ٢٢ ی ئایار پەرلەمانی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی دەرکرد.

لە دوو هەفتەی رابردوودا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پرۆژە یاسایی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی عێراق دەرکردو ئەمڕۆ چوار شەممە بڕیاری کۆتایی لەسەردا.

لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێت سەرۆکی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

بە دواخستنی ئەم رۆژەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کە بڕیار بوو ١٠ ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەمە چوارەم جارە سەرۆکی هەرێم کاتی هەڵبژاردن دیاریدەکات و ئەنجام نادرێت. 



PM:02:34:22/05/2024