وەزارەتی دارایی عێراق: هەرێم هیچ داهاتێکی نەناردووە

وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێک سەبارەت بە داهاتی هەرێم دەڵێت" هیچ داهاتێک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نەخراوەتە سەر ئەو هەژمارەی کە هەیە".

بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق کە واژۆی تەیف سامی لەسەرە ئاماژە بەوە کراوە" حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک ئاگاداریکردووین ٥٠%ـی داهاتی نانەوتی مانگەکانی شوبات و ئازاری خستووەتە سەر هەژماری خەزێنەی عێراق".

ئاماژەی بەوەشداوە" لەدوای پشکنینی هەژمارەکانمان لە بانک دەرکەوتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی نەخستووەتە ناو هەژمارەکە و هەژمارەکە سفرە".

 وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو" هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی نەکردووە و ئەوەش کارێکی نایاساییە".

ئەمە لەکاتێکدایە مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق داوای ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی ناوخۆی لە هەرێم کرد، و دواتر بڕی ٥٠٪ ئەو داهاتە بۆ هەرێم بگێڕێتەوە، بەڵام هەرێم ڕەتیکردۆتەوە و دەڵێت" نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکەین".




PM:11:37:22/05/2024