ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" ئەو خشتانەی کە تایبەتە بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤، بە هیچ شێوەیەک دەستکاریکردنی سیستمی پلەبەندی موچەی تێدا نییە و هیچ جۆرە دامەزراندنێکی نوێ لەخۆ ناگرێت".
مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەو خشتانەی کە تایبەتە بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ و لەلایەن حکومەتەوە رەوانە کراوە، بە هیچ شێوەیەک دەستکاریکردنی سیستمی پلەبەندی موچەی تێدا نییە".
کەرعاوی ڕاشیگەیاند" پلەبەندیی موچە، پێویستە وەک یاسایەکی تایبەت جیا لە بودجە رەوانە بکرێت، ئەو بابەتەش لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتدایە بە تەنها، چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکرایکرد" خشتە نێردراوەکانی یاسای بودجە، هیچ جۆرە دامەزراندنێکی نوێ لەخۆ ناگرێت بە تایبەت لە سایەی بەرزبوونەوەی بودجەی بەکاربردن و کورتهێنانی بودجە، بۆیە حکومەت پەنای بردووە، بۆ کاراکردنی کەرتی تایبەت، بۆ دۆزینەوەی هەلیکار."
ئەو وتانەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سازکرد، دوای ئەوەی خشتەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتە پەرلەمان.