لەسەر پرسی بودجە وەزیری دارایی عێراق دەچێتە پەرلەمان

بە مەبەستی تاوتوێکردنی خشتەکانی بودجەی ئەمساڵ، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە. 

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیشە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە رووداوی ڕاگەیاند" پێشنیازکراوە کۆبوونەوەکە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی نیوەڕۆ، یان (٣:٠٠)ی دواینیوەڕۆ سبەینێ ئەنجام بدرێت کە تێیدا تەیف سامی وەزیری دارایی و شاندی وەزارەتەکە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن". 
   
وتیشی" وەزیری دارایی لەبارەی خشتەکانی بودجەی ئەمساڵ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەداتەوە، لەوانە هۆکاری کەمبوونەوەی بودجەی پارێزگاکان و زیادبوونی بودجەی وەزارەتەکان، چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورتهێنان کە (٦٤) تریلیۆن دینارە". 
  
جەمال کۆچەر راشیگەیاند" وەزارەتی دارایی ساڵی رابردوو پارەی پرۆژەکانی بۆ زۆربەی پارێزگاکان خەرجنەکردووە، کەچی لە بودجەی ئەمساڵدا، پرۆژەی نوێی بۆ پارێزگاکان داناوە بۆ جێبەجێکردن، لە کاتێکدا پارەی ساڵی رابردووی خەرجنەکردووە لەوبارەوە پرسیاری لێدەکرێت". 
  
جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، رەنگە لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی لیژنەی دارایی پرسیاری هەرێمی کوردستانیش لە وەزیری دارایی بکەن وەک رادەستکردنی داهات و پابەندبوونەکانی.



PM:02:01:25/05/2024