عێراق.. ١١ کەس دەستگیرکران كه‌ خۆیان وه‌ك به‌رپرسی باڵا و كوڕ و باوكیان ناساندووە

ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ده‌ستگیركردنی ١١ کەسی ڕاگه‌یاند كه‌ خۆیان وه‌كو به‌رپرسی باڵا و كوڕ و باوكی به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی فیدراڵ ناساندووە. 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەری (سپی) کەوتووە، دەڵێت" مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا توانیان تۆمەتبارێک دەستگیربکەن کە خۆی وەک باوکی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناساندووە و بۆ مەبەستی وەرگرتنی پارە لە فەرمانگەکانی حکومەتدا، ئۆپەراسیۆنەکەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نەجەف دوای کاراکردنی هەوڵەکە ئەنجامدرا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، مەفرەزەکانیان توانیانە کەسێکی دیکەش دەستگیربکەن کە خۆی وەک کوڕی بەرپرسێکی باڵای عێراق ناساندووە. 

ئەوەش هاتووە" پێنج تۆمه‌تباری دیکەش ده‌ستگیركراون كه‌ خۆیان وه‌ك به‌رپرسی باڵای حكومه‌ت نیشانداوه‌ به‌ مه‌به‌ستی فێڵكردن له‌ هاوڵاتیان و چه‌واشه‌كردنیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پارێزگاكانی كه‌ربه‌لا و دیاله‌ و واست پۆستیان پێبده‌ن و دایان بمه‌زرێنن". 

ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی دەشڵێت" مه‌فره‌زه‌كان توانیان چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ خۆیان وه‌ك (پزیشكی پسپۆڕ) نیشانداوه‌، به‌و پێیه‌ی له‌ كاتی پراكتیزه‌كردنی ئه‌م پیشه‌یه‌ له‌ناو كلینیكه‌كانیان له‌ پارێزگاكانی (به‌غدا، كه‌ربه‌لا، میسان) به‌ ده‌ستی سور ده‌ستگیركراون".

ڕاشیگەیاندووە" دەستگیرکردنەکان بەپێی فەرمانی دادوەری ئەنجامدراون، هەروەها ڕێکاری پێویست بەرامبەر تۆمەتباران گیراوەتەبەر و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کارامەکراوە بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆیان بەپێی یاسا". 



PM:08:04:27/05/2024