بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە کاتژمێری ٣:٣٠ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ و بە پشکی هەرێمیشەوە کۆببێتەوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت" بەبڕیارێکی سیاسی راگیراوە".
وا بڕیار بوو لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتەکان بەتایبەتی راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمان ببێتە بنەمایی گفتوگۆکان و بڕیاردان لەسەری کە ماوەی دوو هەفتەیە لیژنەکە سەرقاڵی ئامادەکردنیەتی، بەڵام دوێنێ لە کۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا بڕیاری لەسەر نەدرا، مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەكە بە ماڵپەڕی (مەوازین )ی رایگەیاندووە" دوێنێ لیژنەكەیان بە تەواوی ئەندامەكانیەوە كۆبووەتەوە بۆ دەنگدان وەك بڕیاری كۆتایی لە بارەی هەمواری خشتەكانی بودجە، بەڵام لە دواین ساتەكانی كۆبونەوەكەدا، بە بڕیاری سیاسی دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" رێككەوتنە سیاسیەكان تائێستا خشتەی بودجەی پەكخستووەو یەكلانەكردنەوەی ئەو دۆسیەیە لەلایەن لیژنەی داراییەوە, مانای چارەنوسی دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر خشتەكانی بودجە لە پەرلەمان نادیارە".
لەلایەکی ترەوە رێگریەکی تر لەبەردەم دەنگدان لەسەر راپۆرتەکە کە وەک ئەگەرێکە ئەنجام نەدرێت سەردانی ٨٠ ئەندامی پەرلەمانە بۆ وڵاتی سعودیە و ئەنجامدانی حەج.
بەپێی ئەو راپۆرتەی ئامادەکراوە پشکی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجەی ساڵی ٢٠٢٤، ٢٠ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دینارە کە نزیکەی ١٢ ترلیۆنی بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و نزیکەی هەشت ترلیۆن دیناریش بودجەی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی دیکەیە.
تا ئێستا نە سازدانی کۆبوونەوەک لەسەر بودجە دیارە، نە دەزانرێت گفتوگۆکان لەسەر پشکی هەرێم بە چ ئاراستەیەکدا دەڕۆن و چ پابەندییەک لەسەر هەرێم دادەنرێن تا پشکەکەی بەتەواوی بۆ خەرجبکرێت.