"ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکران"

وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەو کەسانەى هێرشیانکردووەتە سەر چەند چێشخانە و کۆمپانیایەکى ئەمریکى لە بەغداد، هەندێکیان دەستگیرکراون کە کارمەندى هێزە ئەمنیەکانی تێدا بووە". 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" دوای ئەوەی چەند کەسێک 
لە رۆژانى (٢٦-٢٧-٣٠)ى مانگی ڕابردوو لە ڕێی حەوت ئۆتۆمبێلەوە هێرشیانکردە سەر چێشتخانەی کەی ئێف سی، جلی هاوس لیز، پەیمانگەی کامبریدج، کۆمپانیای کاتەرپلەری بەغداد لیژنەیەک بۆ دۆزینەوەیان پێکهێنرا".

ڕاشیگەیاندووە" دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد، ناوی ئەنجامدەرانی هێرشەکان و شوێنی کار و نیشتەجێبوونیان دۆزرایەوە، دۆسیەکە خرایە بەردەم دادوەر و بە پێی ماددەی ٤ی تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا". 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەشڵێت" لە ئۆپەرسیۆنێکدا ژمارەیەک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان نا بەوەی لەگەڵ ژمارەیەک تۆمەتباری دیکەدا ئەو کارانەیان کردووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوانەی دیکەش دەرکرا". 

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە" هەندێک لە تۆمەتبارەکان سەر بە ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراقن و ئێستا به‌پێی یاسا راگیراون، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند بكرێن". 

شەوی ڕابردووش بە بیانووی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هێرشکرایەوە سەر ژمارەیەک چێشتخانە و پەیمانگەی بیانی لە بەغدا و زیانی ماددیان پێگەیاندن.



PM:01:53:04/06/2024