پەرلەمانی عێراق خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ ی رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرد بەمەبەستی پەسەندکردنی لەلایان، د. لەتیف رەشیدەوە.
بەپێی نووسراوێکی پەرلەمانی عێراق کە ئیمزای ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنەکە لەسەرە و ئاراستەی نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق کراوە، تێیدا هاتووە" بڕیاری ئەنجوومەنی نووینەران ژمارەی ٦٤ی ساڵی ٢٠٢٤ دەنێرن کەلە دانیشتنی ژمارە ٢٧ی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕیوەچووە و بریتییە لەیاسای خشتەی بودجە بەمەبەستی پەسەندکردنی".
بڕیاری ژمارە ٦٤ی پەرلەمان کە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە، تایبەتە بە وردەکاری خەمڵاندنی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٤، بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانە لە بودجەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، نزیکەی چوار تریلیۆن دیناری زیاد کردووە، زۆرینەی زیادکرنەکە بۆ خەرجی وەبەرهێنانە.
٣ی حوزەیران پەرلەمانی عێراق خشتەی بودجەی پەسەند کرد کە ٢١١ تریلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی کوردستانیش لەو ژمارەیە زیاتر لە ٢٠ تریلیۆن دینارە.