لە زیندانەکانی عێراق پێشێلکاری زۆر هەیە تا دەگاتە دەستدرێژی سێکسی


مسال ئالوسی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ڕاگەیاند "زۆربەی زیندانەکانی عێراق شاهیدی پێشێلکارییە جدیی مافەکانی مرۆڤن، لەوانەش ئەشکەنجەدان و توندوتیژی بەرامبەر بە زیندانیان، تەنانەت هەندێکجاریش بابەتەکان دەگەنە دەستدرێژی سێکسی".

مسال ئالوسی بە ماڵپەڕی ( بەغداد ئەلیومی ) راگەیاندووە"  "مافیای مەترسیدار و گه وره هه یه له کاتێکدا له ناو زینداندا چالاکن و هەندێک لە زیندانییەکانیان بەکاردەهێن بۆ ئه نجامدانی هه ندێک تاوانی تر کە پەیوەندیدار به بازرگانیکردن به ماده هۆشبەرەکانەوە".

ئەو پەرلەمانتارە پێشووە جەختی لەوەشکردەوە "زۆربەی زیندانەکان بوونەتە ژینگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی تاوانباران و مافیاکان، بۆیە پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە".

پێشتر ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ماوەی لە 1ی تەمموزی 2019 تا 30ی نیسانی 2021 دەگرێتەوە، ئاشکرای کردبوو کە نزیکەی نیوەی دەستگیرکراوەکان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی لێپرسینەوەدا تووشی ئەشکەنجەدان بوونەتەوە بە ئامانجی  دانان بە تاواندا، هاوکات لە ڕاپۆرتەکە ئەوە ڕوونکراوەتەوە شێوازەکانی دەستدرێژیکردنە سەر زیندانییەکان کە بریتین لە "لێدانی توند، تەزووی کارەبا و تا خنکاندن و، تا دەگات بە  توندوتیژی سێکسی، هەندێک لە دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان بە جۆرە ئەشکەنجەدانێک کردووە کە "ناتوانن باسی بکەن."

ئەمە  جگە لەوەی زیندانەکان عێراق بە دەست زۆری زیندانیەکان و نەبوونی جێگاوە دەناڵێنن.




AM:12:24:16/06/2024