تەندروستی عێراق هۆشدارییەک ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات

وەزارەتی تەندرووستی عێراق هۆشداری دەدات بە هاوڵاتیان و ادوادەکات کە خۆیان بەدووربگرن لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند" رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا ئەوەیە، هاوڵاتییان خۆیان بەدووربگرن لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر، بەتایبەت مناڵ و کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە " پێویستە هاوڵاتییان رەچاوی رەنگی جلوبەرگەکانیان بکەن، هەروەها چاویلکە و کڵاو بەکاربهێنن لەکاتی چوونەدەرەوەدا، لەگەڵ خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو".

سەیف بەدر داوا دەکات، لە کاتی هەستکردن بە وشکبوونی جەستە یان تێکچوونی دۆخی تەندروستی و لەهۆشخۆچوون، هاوڵاتییان سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن".

رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە، پێشتر دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند" پلەکانی گەرم روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکەن و سبەی پێنجشەممە لەپارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پلەکانی گەرما لەنێوان ٥٠ – ٥١ پلەدا دەبێت و لە هەرێمی کوردستانیش پلەی گەرما دەگاتە ٤٨پلە.



PM:09:38:19/06/2024