شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق: لە ئۆپەراسیۆنێکماندا بە فڕۆکەی F16 حەوت چەکداری داعش کوژران

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەڵیت" سەوی رابردوو لە چیای پەلکانەی قەزای خورماتوو هێرشییەکیان بە فڕۆکەی ئێف ١٦ کردووەتە سەر چەکدارانی داعش و بەهۆیەوە سەرجەمیان کوژراون".

ئەمڕۆ یەکشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە" شەوی رابردوو بە سەرپەرشتی و پلانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بە بەشداری دەزگای دژەتیرۆری عێراق، پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بە هاوکاریی هێزی ئاسمانی، لە چیای پەلکانەی قەزای خورماتوو ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی چەکدارانی داعش کردووە".
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راشیگەیاندووە" دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی و دەزگای دژەتیرۆری عێراق شوێنی چەکدارانی داعشیان دیاریکردووە، گەمارۆیان داون، بە فڕۆکەی ئێف ١٦ـش هێرشیان کردوونەتە سەر، بەهۆیەوە سەرجەم چەکدارەکان کوژراون، کە بەگوێرەی زانیارییە بەراییەکان ٧ چەکدارن، یەکێکیان سەرکردەیەکی مەترسیدارە".
 
لە سێ رۆژی رابردوودا ئەوە دووەمجارە بە فڕۆکە هێرش دەکرێتە سەر چەکدارانی داعش. رۆژی پێنجشەممە٢٠ی حوزەیران شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند" لە ناوچەی وادی شای لە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، بە فڕۆکەی F16ـی سوپای عێراقی گرووپێکی سێ کەسی چەکدارانی داعش و مۆڵگە، ئەشکەوت و توونێلەکانیان کراونەتە ئامانج." 




AM:11:09:23/06/2024