عێراق دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی سنورەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیاو ئێران بکات

فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ زامنکردنی سنووری عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا چەندان بازگەو  سەربازخانەیان دروستکردووە بە درێژایی سنوری عێراق لەگەڵ هەردوو وڵات.

لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق، محەمەد سعیدی، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند" ٧٠% بۆ ٨٠%ـی کاری دروستکردنی ٩١ بازگەمان لەسەر سنووری ئێران تەواو کردووە".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " لە هەنگاوی یەکەمدا ٣٠٠ کیلۆمەترمان لە خانەقینەوە هەتا باکووری شارۆچکەی پێنجوێن بە کامێرای گەرمیی پێو کۆنترۆڵکردووە و هەزاران مینمان لەو ناوچانە لابردووە".

 "بازگەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانمان لەنزیک سنووری عێراق و ئێران لابردووە و لە چەک دامانماڵیوون".( فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنور دەڵێت).

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت " زیاتر لە ٢٧ بازگەمان لە سنووری عێراق و تورکیا دروستکردووە".

هەر لە بارەی سنورەکانی تورکیاوە، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوە کرد "لەگەڵ تورکیا لە هەماهەنگیدان بۆ دروستکردنی ژورێکی پرۆسە هاوبەشەکان".

لە کۆتایشدا دەڵێت "هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین سنوورەکانمان بەجۆرێک بپارێزین کە رێگە بەهیچ هێرشێک نەدەین کە لە خاکی عێراقەوە بکریتە سەر تورکیا و بۆیەکەمجاریش ناوچە سنوورییەکانمان لەگەڵ تورکیا بە کامێرای گەرمیی پێو کۆنترۆڵ کردووە".




PM:12:36:24/06/2024