ئەنجوومەنی وەزاری ئابوری عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بڕیاریدا دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجوومەنەکە ئەنجام بدات لە هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە ئابوورییە هەڵپەسێردراوەکان، بە بەشداری سەرجەم پێکهاتە ئابوورییەکان لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنەكە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابوری عێراق، بە سەرۆكایەتی فواد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبووەوە كە تێیدا هەریەك لە وەزیرانی پلاندانان، دارایی، كشتوكاڵ، پیشەسازی، و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەروەها ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، پارێزگاری بانكی ناوەندی، راوێژكارانی یاسایی و ئابوریی سەرۆك وەزیران و بریكاری وەزارەتی نەوت ئامادە بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە" لە كۆبونەوەكەدا چەند بڕیارێك دراون كە یەكێك لە بڕیارەكان بریتییە لە ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنەكە لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەپێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشە ئابورییە هەڵپەسێردراوەكان بە بەشداری سەرجەم دامەزراوە ئابورییەكان لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم".