قەیس خەزعەلی بۆ ئەمریکا: هەموو بەرژەوەندییەکانی دەکەینە ئامانج

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە پەیامێکیدا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت" ئێمە هەموو بەرژەوەندییەکانی دەکەینە ئامانج، ئەگەر پشتگیری لە هێرشی ئیسرائیل بکات بۆسەر خاکی لوبنان". 

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە وتارێکدا ڕایگەیاند" ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل و ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی فراوانتر بکات و هێرشبکاتە سەر لوبنان، پێویستە ئەمریکا بزانێت کە هەموو بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە و عێراقدا کەوتوونەتە ژێر ئامانج و مەترسییەوە". 

خەز عەلی لە درێژەی وتارەکەیدا دەشڵێت" ئەم قەوارە قۆرخکارە و ئەم حکومەتە توندڕەوە و ئەم دەسەڵاتە نازییە هیچ سوودێکی پێ ناگەیەنێت". 

پەیامەکەی قەیس خەز عەلی لەکاتێکدایە، لە ڕۆژانی ڕابردوو میدیا ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردبوو کە فەرماندەی باکووری سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر لوبنان ئامادە دەکات، لە ئاستی سیاسیشدا چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزە.



PM:08:38:24/06/2024