لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٣٨ هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون و زۆرترین بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەری کریستاڵ و کاپتاگۆنە .
سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازڵ غەراوی، ڕایگەیاند" بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ماوەی سێ ساڵدا ٣٨ هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی ٢٠٢٢، ١٧ هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە کە ١٢٣ کەسییان بیانیی بوونە، هەروەها بڕی ئەو کەرەستەی دەستی بەسەردا گیراوە نیو تۆن لە هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر بووە، لەگەڵ ١٨ ملیۆن حەب.
غەراوی راشیگەیاند" ساڵی ٢٠٢٣، حەوت هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراوە ، بڕی دوو تۆن و ١١٨ کیلۆ و ٣٩٦ گرام ماددەی هۆشبەر، هەروەها چوار ملیۆن و ٩٣٤ هەزار، ١٣٢ حەبی ماددە هۆشبەرەکان لەناوبراون، و لە ساڵی ٢٠٢٤دا، حەوت هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون، هەروەها بڕی ٤٢ کیلۆ و ٣٢٢ گرام و ٣٨٠ میلیگرام ماددەی هۆشبەر و ٧٧٢ حەبیش لەناوبراوە".
سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەشڵێت" ڕێژەی مامەڵەکردنی خراپ لە ناوچە هەژار نیشینەکاندا گەیشتووەتە ١٧% و هەروەها تەمەنی تۆمەتباران لە نێوان ١٥-٣٠ ساڵی بووە".
زۆرترین ماددەی خراپی هۆشبەری بەکارهێنراو لە عێراق بریتی بووە لە کریستاڵ کە ٣٧.٣%، بووە، هەروەها کاپتاگۆن ٣٤.٣٥% و جۆرەکانی دیکە ٢٨.٣٥% بووە.
لە کۆتایی قسەکانیدا غەراوی داوای لە حکوومەت کرد ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان دیاری بکات، هاوکات داوای کرد هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕێگریکردن لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان دەست پی بکات، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، و یاسای ماددە هۆشبەرەکانیش هەموار بکرێتەوە.