لە عێراق پێداچوونەوە بە مووچەی مووچەخۆراندا دەکرێت


سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند" پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەران و کرێکارانی کەرتی گشتی دەکەن کە پێویستی بە هەمواکردنەوەی ٣٤ یاسا و رێسا هەیە".

 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند" لەپێناو دابینکردنی دادپەروەریدا، هەنگاوی گرنگیان پەسەند کردووە لەبارەی زیادکردنی مووچەوە بەتایبەت مووچەی پلە نزمەکان و خانەنشینان و کرێکارانی بیمەکراو".

" تەنها بە زیادکردنی مووچە بەشدار نەبوون لە دابینکردنی دادپەروەری، بەڵکو بەردەوام بوونە لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک و هاوکاری دارایی بۆ سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی هاوکاری دارایی بەسەر خوێندکاراندا".( سودانی ئەمەی راگەیاند).

ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بە جێبەجێکردنی رێبازەکانی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەران و کرێکارانی کەرتی گشتیدا دەکەن کە پێویستی بە پێداچوونەوە بە زیاتر لە ٣٤ یاسا و رێسا و یاسای هەموارکراودا هەیە.




PM:11:06:29/06/2024