عێراق.. ئەمساڵ ٢٣٠ تۆڕی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون

ساڵی رابردوو زیاتر لە ١٩ هەزار بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون و لەم ساڵیشدا ٢٣٠ تۆڕی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون.

عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"  ساڵی رابردوو ١٩ هەزار و ١٥٠ بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لە ئەمساڵیشدا توانیویانە ٢٣٠ تۆڕی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن کە ٢٧ـیان نێودەوڵەتیی بوون، دەستیشگیراوە بەسەر نزیکەی دوو تۆن ماددەی هۆشبەر".

رونیشیکردەوە" ماددەی هۆشبەری جۆری کیپتاگۆن لە سووریا و دواتر لە ئەنبارەوە دێت، ماددەی کریستاڵیش لە ئەفغانستان و دواتر ئێرانەوە دەگات و هەردوو رێڕەوەکەش لەژێر چاودێریدایە".

میقداد میری وتیشی" تەنیا تاوانێک زیادی کردبێت خۆکوشتنە کە بە رێژەی ٥% بەرزبووەتەوە و هۆکارەکانیش خێزانیی و دەروونیی و داراییە".

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ٢٢ی ئەم مانگە کۆنگرەیەکی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ بۆ بەدواداچوونی دۆسییەی ماددەی هۆشبەر بەڕێوەدەچێت.




PM:03:02:05/07/2024