وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم دەڵێت" تورکیا بونی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراق دەبەستنەوە بە بونی پەكەكەوە و عێراق لەوبارەیەوە هیچ گڵۆپێكی سەوزی بۆ توركەكان هەڵنەکردووە".
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلحوڕە) باسی لە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم دەکات و دەڵێت" عێراق لەوبارەیەوە هیچ گڵۆپێكی سەوزی بۆ توركەكان هەڵنەکردووە، پرسی بونی سوپای توركیا لەنێو خاكی عێراق، یەكێكە لەو خاڵانەی كە بەم نزیكانە لە كۆبونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا تاوتوێ دەكرێت".
فواد حسێن جەختیشی كردۆتەوە كە لە گفتوگۆكاندا لەگەڵ لایەنی توركی تاوەكو ئێستا نەگەیشتوینەتە رێككەوتن لەبارەی دۆسیەی ئەمنییەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند"تورکیا بونی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراق دەبەستنەوە بە بونی پەكەكەوە و كێشەی پەكەكە كە كێشەیەكی توركییە، ئێستا بۆتە كێشەیەكی عێراقییش، بۆیە دەبێت بەڕێگەی عێراقیانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت".
فواد حسێن ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق باوەڕی بە چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگەی توندوتیژیی نییە، و لەگەڵ لایەنی ئێران گەیشتینە كۆمەڵێك رێككەوتن لە پەیوەست بە حزبە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە هەرێم، دەكرێت هەمان شێواز لەگەڵ توركیاو پەكەكە بەكاربهێنرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا باسی لەوە كردوە كە دەستپێشخەرییەكی وڵاتەكەی هەیە بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەنقەرەو دیمەشق و پەیوەندییەكانیشیان لەو روەوە بەردەوامن.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا وتی" دوێنێ چوارشەممە لە واشنتۆن چاوی بە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كەوتوە لەپێناو رێكخستنی دیدارێك لە بەغدا بۆ لایەنی توركی و سوری، و پێموایە ئەگەر بەهۆی نێوەندگیرییەكەی عێراقەوە لایەنی توركی و سوری بگەنە ئەنجامی گرنگ و چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ نەك لەڕێگەی چارەسەری سەربازییەوە، ئەوا سەركەوتنی ئەو نێوەندگیرییە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر عێراق دەبێت".
ئەم قسانەی فواد حسێن لەکاتێکدایە کە دوێنێ لیژنەیەک بە سەرپەرەشتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەردانی هەولێریان کرد و یەکێک لە ئامانجی سەردانەکەیان تاوتوێ هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیایە بۆسەر خاکی هەرێم.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەوڵەتی تورکیا ئەمە چەند بارەگای لەسەر چیای مەتین داناوە و هێزێکی زۆری سەربازی بە چەکی قورسەوە لە گوندی سەرگەلێ لە بناری چیای مەتین بە دووری هەشت کیلومەتر لە سەنتەری قەزای ئامێدی جێگیرکردووە و رۆژانە خاکی هەرێم بە بیانووی بوونی ( پەکەکە)ەوە بۆردوومان دەکات.