وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ١٣ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا رایگەیاندووە" د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ راین نیلسۆن یاریدەدەرى وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبووەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کردووە چاو بە سزای ئەو (٣٢) بانکەدا بخشێننەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو بانکانە چاکسازییان لە کارەکانیاندا کردووە.
هەروەها لای خۆشیەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە" واشنتۆن ئامادەیە هاوکاری حکومەتی عێراق بکات لە چارەسەرکردنى کێشەکان، بەشێوەیەک کە کاریگەری ئەرێنى لەسەر ئابوری وڵاتەکە هەبێت".
هەر پەیوەست بەم پرسە ئەمڕۆ میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویانکردەوە کە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵا و بە سەردانێكی پێشتر ڕانەگەیەنراو گەیشتە واشنتۆن، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی بڕیاری ڕێگریکردن لە عێراق کە مامەڵە بە دراوی یوانی چینی بکات.