نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ دووشەممە بەشێوەیەکی فەرمی وەک نوێنەری نوێی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دیاریکرا.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" محەممەد حەسەن عەوز نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یۆنامی لە عێراق دەستنیشانکرا و شوێنی جێنین پلاسخارت دەگرێتەوە".
محەممەد حەسەن عەوز ماوەی زیاتر لە ٣٠ی ساڵە لە نێو نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە یوئێن کار دەکات.
لە ساڵی ٢٠١٩وە نوێنەری عومانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پێش ئەو پۆستەش چەندین پۆستی لە وەزارەتی دەرەوەی عومان لە مەسقەتی پایتەخت بەڕێوەبردووە، هەروەها ساڵی ٢٠١٦ جێگری وەزیری دەرەوە بووە و لە ساڵی ٢٠١٢ش سەرۆکی دیوانی وەزارەت بووە.
محەمەد حەسەن خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا، بڕوانامەی ماستەر لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سانت جۆن لە نیویۆرک و دکتۆرای لە ئابووری لە زانکۆی ئابووری و ئامار و زانیاری (MESI) لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا بەدەستهێناوە، هەروەها بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و نەرویجی و ڕووسی قسە دەکات.