قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار دەبێت، کە ٩ بۆ ١٠ ملیار دۆلاریان قەرزی دەرەکییە.
موزهیر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەرگەڵ میدیای پارتی راگەیاند" قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار دەبێت، کە ٩ بۆ ١٠ ملیار دۆلاریان قەرزی دەرەکییە و هی وڵاتانە و دەبێت بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە، تاوەکو ساڵی ٢٠٢٨ بدرێتەوە."
ئەوەشی خستەڕوو "قەبارەی قەرزە نێوخۆییەکانی سەر عێراق نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار دەبێت، ئەو پارانە بە ژمارەیەک هۆکار زیادیانکردووە."
"پێش ساڵی ٢٠٣٣، عێراق قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووبوو، هۆکارەکانیش دیارن، بەشێکیشی ئەو سووانە بوو کە دەچوونە سەر قەرزەکان، چونکە عێراق بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە نەیدەتوانی قەرزەکانی بداتەوە، قەبارەی قەرزەکان ئەو کات ١٤٩ ملیار دۆلار دەبوو، دواتر ١٢٩ ملیار دۆلار کەمکرایەوە."
وتیشی "دوای ساڵی ٢٠٠٣ عێراق لە رێگەی پەیوەندییەکانیەوە قەرزەکانی زۆر کەمکردەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یانەی پاریس نزیکەی ٨٠٪ـی قەرزەکانی کەمکرایەوە کە نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار بوو."
سەبارەت بە قەبارەی ئەو قەرزانەی ئێستا لەسەر عێراقە وتیشی" قەرزەکان زۆر نین، چونکە ناگاتە رێژەی ٦٠٪ـی بەرهەمی خۆماڵی کە تاوەکو ئەو سنوورە رێگەپێدراوە، قەرزیش یەکێکە لەو مامەڵە داراییانەی هەموو وڵاتانی دونیا هەیانە و شتێکی ئاساییە، عێراق بە ئاسانی دەتوانێت قەرزەکانی بداتەوە."