سەرۆکایەتی کۆمار داوا دەکات تاوانبارێک ئازاد بکرێت کە تاوانبارە بە گەندەڵی ٥٠٥ ملیار دینار

دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە نوسراوێکدا داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکەن کە تاوانبارێک ئازاد بکرێت، لە کاتێکدا ئەو کەسە تۆمەتبارە لە دیارنەمانی ٥٠٥ ملیار دینار. 

سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆمار لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراوە، بۆ دەرکردنی لێخۆشبونێکی تایبەت بۆ نەوزاد داود فەتاح، ناوەڕۆکەکەی تێیدا هاتووە" نەوزاد داود بەو پێیەی تەمەنی لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە، تکایە بابەتەکە بخەنە بەردەم سەرنجی سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی سزادراوەکە بخرێتە ناو ڕاسپاردەی لێخۆشبوونێکی تایبەت بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی ٧٣/یەکەمی دەستوور". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، میدیاکانی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نوسراوەکەی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەیان بەوەکرد کە نەوزاد داود فەتاح ئەو تۆمەتبارەیە کە لە کەیسی بانکی شیمال و دیارنەمانی ٥٠٥ ملیار دینار، لە ماوەکانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای عێراقەوە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.



PM:07:00:25/07/2024