ئاگرێکی گەورە لە دارستانی قەڵادزێ کەوتووەتەوە

ئاگر لە داستانی قەڵادزێ کەوتووەتەوە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە و داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکرێت کە تەنکەری ئاویان هەیە بەهانای تیمەکانی بەرگریی شارستانی بچن

بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"لە دارستانی قەڵادزێ ئاگرکەوتووەتەوە و لە ئێستادا تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان".

قایمقامی قەزای پشدەر ئاماژەی بەوە کرد " لە نزیکەی ١٠ شوێنی جیاوازەوە ئاگرەکە بڵاوبووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە و بەهۆی بەربڵاویی ئاگرەکە و رەشەباوە ئاگرەکە لەکۆنترۆڵ دەرچووە".

داوای لەو هاونیشتمانییانەش کرد کە خاوەنی تەنکەری ئاون بەهانای تیمەکانی بەرگریی شارستانی بچن و بە هەر جۆرێک لە توانایاندایە هاوکاری تیمەکان بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

هاوکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم سووتاوە.








PM:03:56:29/07/2024