حكومەتی عێراق: كوشتنی ئیسماعیل هەنیە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشى ناوچەکە

حكومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی فەرمی لەبارەی كوشتنی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس راگەیاند و دەڵێت" کوشتنی ئیسماعیل هەنیە هەڕەشە بۆ ئاسایشی ناوچەکە". 

وەزارەتى دەرەوەى عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی تەموزی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" حکومەتى عێراق بە توندترین شێوە ئیدانەى تیرۆرکردنى سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزوتنەوەى حەماس، ئیسماعیل هەنیە دەکات کە لە تارانى پایتەختى ئێران لە شوێنى مانەوەى کرایە ئامانج". 

دەشڵێت" ئەم كردەوەیە پێشێلكارییەكی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشەیە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە". 

هەر لەو راگەیاندراوەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ڕێوشوێنی پێویست بۆ "راگرتنی دەستدرێژییە دووبارەبووەوەكان و پێشێلكردنی سەروەری وڵاتان" بگرێتە بەرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ  ئیسماعیل هەنیە لەگەڵ پاسەوانێكی، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران بە موشەك کرانە ئامانج و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.



PM:01:32:31/07/2024