ڕێکارەکانی بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینانیان بۆ مانگی ئاب تەواوکرا و ئەو فەرمانبەرانەی تازە خانەنشین دەکرێن تا ٤٨ کاتژمێر دوای وەرگرتنی یەکەم مووچەی خانەنشینی پاداشتی کۆتایی راژەنشینان وەربگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٤ حیسام عەبدولستار، جێگری سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی گشتیی خانەنشینان بە ئاژانسی عێراقییەی ڕاگەیاند" دەستەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری، ڕێکارەکانی بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینانی بۆ مانگی ئاب تەواوکرد".
ڕوونیشیکردەوە ڕێکارەکان لە چوارچێوەی پلانی دەستەکەدا دێت بۆ ئەوەی یەکەم ڕۆژی هەموو مانگێک مووچەی خانەنشینان دابەش بکرێت.
حیسام عەبدولستار ئاماژەی بەوەشداو کە ئەو فەرمانبەرانەی تازە خانەنشین دەکرێن، دەتوانن ٤٨ کاتژمێر دوای وەرگرتنی یەکەم مووچەی خانەنشینی، پاداشتی کۆتایی ڕاژەکانیشیان وەربگرن، داواشی لە خانەشینان کرد، هەر کاتێک لە ڕێی کورتەنامەوە ئاگادارکرانەوە، سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی مووچە.