عێراق لە کەرتی پیشەسازیدا لە کۆی ١٢٦ وڵات، لە ریزبەندی ٨٢ی جیهاندایە.
فازڵ ئەلغەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی چین لە پێشەنگی جیهاندایە بە زیاتر لە چوار ترلیۆن و ٩٧٠ ملیار دۆلار و لە پاش ئەویش ئەڵمانیا بە ٧٥١ ملیار دۆلار دێت و هیندستان بە ٤٥٠ ملیار دۆلار سێیەمە و کۆریای باشوور بە ٤٢٦ ملیار دۆلار و رووسیا بە ٢٨٧ ملیار دۆلار چوارەم و پێنجەمن، و عێراق لەکۆی ١٢٦ وڵات لە ریزبەندی ٨٢ی جیهاندایە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو" عێراق خاوەنی چوار هەزار کارگەی هەمەچەشنە، لەنێویاندا کۆمەڵێک کارگەی تایبەت بە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان، بەڵام زۆربەیان بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردن و نەبوونی پلان و بەبازاڕکردن و پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نیشتمانی، راگیراون".
سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی، وتیشی" پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان سەرچاوەیەکی ئابووریی گرنگن بۆ وڵات کە بەشدارە لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری لەبری ئەوەی پشت بە نەوت ببەستێت".