کاروان یاروەیس: هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق ڕۆڵی پیاوانی ئاینی زیاد دەکات

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە هەمواری یاسای باری کەسێتی، عێراق بەرەو دواوە دەبات و تووشی ئیحراجبوونێکی گەورەی نێوخۆیی و دەرەکیشی دەکات، چونکە تەمەنی شووکردنی بۆ کچان بە شێوەیەکی لاستیکی دانراوە، دەتوانرێت بە ئاسانی لە مزگەوت و حوسەینییەکان یاری پێبکریت.

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" شیعەکان شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن کە ڕێگا بە هاوسەرگیری پێشوەختە دەدات و دادگاگان بەلاوە دەنێت و دەسەڵات دەدات بە مەلا و سەیدی حوسەینییە و مزگەوتەکان، ئەوکات دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن کچەکە 'بلوغ' بووە یاخود نا بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری."

وتیشی، "ڕاستە یاسای باری کەسێتی عێراق کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٩، بەڵام لە ئێستادا هیچ گرفتێکی تێدا نیە، چونکە هەر یاسایەک داوای هەمواری دەکرێتەوە، دەبێت باشتر بکرێت و بەرگێکی نوێی بە بەردا کرابێت نەک بەرەو دواوەی ببات، لە ڕاستیدا ئەم هەموارە عێراق بەرەو دواوە دەبات و تووشی ئیحراجبوونێکی گەورەی نێوخۆیی و دەرەکیشی دەکات، چونکە تەمەنی شووکردنی بۆ کچان بە شێوەیەکی لاستیکی دانراوە، دەتوانرێت بە ئاسانی لە مزگەوت و حوسەینییەکان یاری پێبکریت و تەمەنەکەی دیارینەکردووە و دەڵێت تەمەنی پێگەشتن، بۆیە دەکرێت لە تەمەنی نۆ ساڵ بۆ سەرەوە ئەو کچە بدرێت بە شوو."

"بەشێک لە پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانی شیعە بەتایبەت ئیتاری تەنسیقی پشتیوانی لە هەموارەکە دەکەن و لایەنە شیعەکان دەتوانن تێیپەڕێنن، چونکە زۆرینەن و لە هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی سوننە هەتا دەنگ بەو یاسایە بدەن و بۆ ئەوەش تا ڕادەیەک سازشیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، بەڵام بۆ شیعە دەنگدان بەو هەموارە تووشی ئیحراجبوونیان دەکات لەلای شەقامی شیعی."( بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وایوت).

کاروان یاروەیس دەشڵیت "هەمواری یاسای باری کەسێتی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕێنرێت، بەڵام گەر هەموار کرایەوە کوردستان دەتوانێت کاری پێنەکات، ئەوەی دەکرێت ستەمێکی گەورەیە لە کچانی عێراق دەکرێت و پێویستە ڕێگا نەدرێت بە تێپەڕاندنی، چونکە دواجار دەیان کێشەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کچانە دروست دەبێت کە هاوسەرگیری پێشوەختە دەکەن و کورد بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم هەموارەدا نیە."

یاسای باری کەسێتی کارپێکراوی ئێستای عێراق لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە و دەڵێت مەرجە ئەو کچ و کوڕەی کە هاوسەرگیری دەکەن تەمەنیان گەیشتبێتە ١٨ ساڵ یاخود ئەگەر ١٥ ساڵ بن ئەوکات پێویستییان بە مۆڵەتی دادوەردەبێت بە گوێرەی تەمەنی شەرعیی پێگەیشتن و توانای جەستەییان.

داواکاری بۆ هەمواری یاساکە لەلایەن پەرلەمانتارێکی شیعە مەزهەب بە ناوی ڕائد مالیکی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە و خویندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و تێدا ڕێگا بە پیاوانی ئاینی شیعە و سوننە دەدات بڕیار لەسەر کاروباری هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات بدەن و دەوترێت بزۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە پاڵپشتی دەکەن و مەبەستیانە تێبپەڕێندرێتلە پرۆژە یاساکەدا مادەکانی ٢ و ١٠ی یاسای کارپێکراوی باری کەسێتی هەمواردەکرێنەوە وبە پێی هەموارەکە مەزهەب لە گرێبەستە هاوسەرگیرییەکە دیاریدەکرێت و هاوسەران حوکمەکانی مەزهەبەێکی دیاریکراویان بەسەردا جێبەجێبکرێت و لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی لەنێوانیان لەسەر جۆری مەزهەب، ئەوکات گرێبەستەکە بە پێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.

هەروەها دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە بەرپرسیار دەکات لە دابینکردنی پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان بۆ گرێبەستە هاوسەرگیرییەکان و دەستەڵاتی کۆتایی پەسەندکردنی هاوسەرگیرییەکانیان پێدەدات.




PM:06:19:05/08/2024