گروپێکی چەکداری نوێ کە خۆیان بە بەشێک لە مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە، بۆردومانەکەی شەوی ڕابردووی سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار گرتە ئەستۆ.
گرووپی (شۆڕشگێڕان) کە خۆیان بە بەشێک لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناودەبەن، ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند.
ئەو گروپە لە بەیاننامەکەدا رایانگەیاندووە" کردنە ئامانجی بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێمە کراوەتە ئامانج".
جەختیش دەکەنەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان بە چەکی پێشکەوتوو بووە، بەردەوامیش دەبن تا دوا سەربازی ئەمریکی خاکی عێراق بەجێدەهێڵێت.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکێکەی سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد، ژمارەیەك سەربازی ئەمریكی برینداربوون.