کازمی: هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق مەحاڵە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" مووچەی خانەنشینی تەنها بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکرێت کە مانگانە بڕێک لە مووچەکەیان خرابێتە سندوقی خانەنشینییەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو سندوقەی نییە، بۆیە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ عێراق مەحاڵە".

ئەمڕۆ سێشەممە،٦ی ئابی ٢٠٢٤  موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هێشتا دەربارەی دۆسیەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕێکنەکەوتووین، ئەویش بەو پێیەی دەبێت بڕی لێبڕینەکانی خانەنشینان بخرێتە سەر سندوقی دەستەی نیشتمانیی خانەنشینان و لەوێوە شایستە داراییەکانیان خەرج دەکرێت".

ڕوونیشیکردەوە" نەریت وایە پارەی خانەنشینی لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت و دەخرێتە سندوقی خانەنشینانەوە کە دەستەی خانەنشینی بەڕێوەیدەبات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وانەکراوە، بۆیە ئەمەش یەکخستنی مووچەی خانەنشینانی مەحاڵ کردووە".

کازمی بە پێویستیزانی ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی ٢٥٠ هەزار خانەنشینی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە، بێ ئەوەی بارگرانی دارایی لەسەربودجەی گشتی دروست بکات.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتیشی" وەزارەتی دارایی و دەستەی خانەنشینی، مووچەی خانەنشینی تەنها بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکەن کە لە ٢٠-٣٠ ساڵ بەرەوژوور خزمەتیان کردبیت و پارەی خانەنشینی لە مووچەکانیان بڕدرابێت".



PM:02:01:06/08/2024