ئەمڕۆ لە ٨ پارێزگای عێراق دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی خۆ پشاندان ئەنجام دەدرێت و ئەندامێکی هاوپەیمانی ١٨٨ دەڵێت" هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، عێراق و خێزانەکان و پێکهاتەکان دابەشدەکات و دژی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەتانە و لەگەڵ بێبەشکردنی ژنان و کچانە لە میرات و مافەکانی دیکە".
هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسی ناڕەزاییەكی فراوانی لەنێو چین و توێژە جیاوازەكان لێكەوتووەو بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٤، دژی ئەم هەموارە کە یەکشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق لە پێنجەم دانیشتنی ئەم وەرزەی یاسادانانیدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد، خۆ پشاندان لە ٨ پارێزگای عێراق ئەنجام بدرێت.
هاوپەیمانی ١٨٨ کە لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزە مەدەنییەکان، چالاکوانانی رێکخراوەکانی مەدەنی و ژنان پێکدێت، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە شارەکانی بەغدا، بەسرە، کەرکووک، نەجەف، دیوانییە، بابل، زیقار لە کاژێر ٥:٣٠ـی پاشنیوڕۆ خۆپێشاندانەکە دەکرێت، لە کەرکووکیش کاژێر ١٠:٣٠ بەیانی".
ئیناس جەبار، ئەندامێکی ئەو هاوپەیمانێتییەیە، لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند " لە حەوت پارێزگا و هەشت شوێنی عێراقخۆپێشاندان لە دژی ئەو هەموارەی یاسای باری کەسییە دەکەین، کە عێراق و خێزانەکان و پێکهاتەکان دابەشدەکات و دژی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەتانە و لەگەڵ بێبەشکردنی ژنان و کچانە لە میرات و مافەکانی دیکە، جگە لەوەی ئەو هەموارە رێگە بە بەشوودانی کچانی خوار تەمەن ١٠ ساڵ دەدات."
ئیناس جەبار جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت پەرلەمان ئەو هەموارە رەتبکاتەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق شەش دەیەیە کاری پێدەکرێت هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵام ئەم هەموارە کێشەی بۆ دروستدەکات.
هەمواری یاساكە لەلایەن پێكهاتەی شیعەوە لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانیەكی بەهێزی لێدەكرێت، بە پاساوی ئەوەی پاڵپشتە بە مادەی (٤١) دەستور كە ئازادی پابەندبونی بۆ عێراقیەكان رەخساندووە لەوەی پەیوەستە بە باری كەسییان، بەگوێرەی ئەو ئاین و مەزهەب و بڕوایەی هەیانە.
ئەمە یەكەمجار نیە مشتومڕ لە عێراق دروست دەبێت لەسەر رێوشوێنەكانی هەمواركردنی یاسای باری كەسی یان هەڵوەشاندنەوە, لە ساڵی (٢٠١٤)دا، پێشكەشكردنی پرۆژە هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی, كە لەلایەن حەسن شەممەری وەزیری ئەوكاتی دادەوە پێشكەشكرا مشتومڕێكی فراوان و توڕەیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لێكەوتەوەو بە پێشێلكاریەكی مەترسیداری مافی منداڵان دانرا، بەوپێیەی رێگە دەدات بە هاوسەگیركردنی منداڵی تەمەن نۆ ساڵ.
پرۆژە یاسای باری كەسی جەعفەری رێساكانی میرات و هاوسەگیری و جیابونەوەو نەفەقە(مافی ئافرەت و منداڵ دوای جیابونەوە) رێكدەخات، ئەوانەی بەگری لەم هەموار دەكەن، پێیانوایە، یاساكە تەنها كاری رۆژانەی شوێنكەوتوانی مەزهەبی جەعفەری رێكدەخات، بەڵام نەیارانی پێیانوایە، هەنگاوێكی بەرەو دواوەو پێشێلكردنی مافەكانی ژنانە لە عێراق و ترسی ئەوەشیان هەیە ناكۆكییە تائیفیەكانی نێوان سوننەو شیعە قوڵتربكاتەوە.
هاوپەیمانی ١٨٨، ناوەکەی لە یاسای باری کەسیی عێراق ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ وەرگیراوە.