سەرۆکی رێکخراوێکی ژینگە ڕایدەگەیەنێت" دیسانەوە ئاستی پیسبوونی هەوای پارێزگاکانی عێراق بەرزبووەوە، پارێزگای ئەنبار زۆرترین پیسبوونی ژینگەی تۆمارکردووە".
ئەندازیار ئامالەدین مەجید سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئابی ٢٠٢٤ بە (ڕووداوی) ڕاگەیاند" بەپێی چەند پێوەرێک بەشێکی شار و پارێزگاکانی عێراق بۆ ژیان نەگونجاون و ناکرێت خەڵکیان تێدا بژیێت، واتە ئەوانەی پیسبوونی هەوایان لە ١٠٠ پلە و زیاترە بۆ ژیان ناگونجێن".
دەشڵێت" بڕینەوەی دار، کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی، زۆری دووکەڵ و دەردانی گازی ژەهراوی، زۆربوونی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای ناوچەکانن لە عێراق".
وتیشی" بەهۆی وەبەرهێنان و چاوچنۆکی هەندێک وەبەرهێنەوە تادێت ژمارەی دارەکان لە کەمبوونەوەدان، جگە لەوەی بایەخی پێویست بە ژینگە نادرێت".
بەپێی وێبسایتی ئەکواویزەر کە تایبەتە بە چاودێر و پێوانەکردنی ئاستی هەوا و پیسبوونی ژینگە، ئاستی پیسبوونی هەوا، شارەکانی هەولێر، موسڵ، تکریت، دهۆک، سلێمانی ئاستی پیسبوونی هەوا تێیاندا خراپە.
هەروەها وێبسایتەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، شارەکانی بەسرە، ناسریە، سەماوە، عەممارە، کوت، دیوانییە و نەجەف ئاستی پیسبوونی هەوایان زۆرە و هەوایان ناتەندروستە.