ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباری یەکەمی دۆسیەی دانانی باج کە بە (دزی سەدە) ناسراوە، بۆ کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ دواخراوە".
مستەفا سەند ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویكردەوە" تۆمەتباری یەکەمی كەیسی (دزی سەدە) نوور زوهێر لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا ئامادەنەبوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دادوەری دانیشتنەكە بڕیاری دواخستنی دادگاییەكەیدا بۆ ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە، چونکە نوور زوهێر لە دادگا ئامادە نەبوو.
کەیسی"دزینی سەدە" بە دیارنەمانی بڕی ٣.٧ ترلیۆن دیناری عێراقی لە پارەی دانانی باج نیشان دەدرێت و ئەوەش لەلایەن چەند لایەنێکی پەیوەندیدارەوە نزیکەی دوو مانگ پێش کۆتایی هاتنی خولی حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ئاشکراکرا.
دوابەدوای دۆزینەوەی ئەو دزییە، دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەری دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کرد، هەروەها چەند فەرمانێکی دەستگیرکردنی دادوەری دەرکرا، یەکەم کەسیش کە دەستگیرکرا بازرگان نور زوهێر بوو.