فوئاد حسێن و هاکان فیدان جەخت لە کاراکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی دەکەنەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٤ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا جەختیان لە کاراکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی کردەوە. 

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارم لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامدا و تێیدا پتەوکردنی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان وڵاتەکانمان تاوتوێ کرد". 

دەشڵێت" لە میانی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر کاراکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کرد کە لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بۆ بەغدا واژۆکرا". 

فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هاکان فیدان جەخت لە گرنگی قوڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرایەوە بە جۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات.



PM:02:01:15/08/2024