وهزیرانی بهرگریی توركیا و عێراق یاداشتێكی لێگهیشتنیان لە دژی پەکەکە واژۆ دەکەن و وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت" عێراق ڕێکاری یاسایی، سیاسیی و کارگێڕی بۆ ناساندنی پەکەکە و ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی ئەو پارتە دەکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بخاتە لیستی حزبە قەدەغەکراوەکانەوە".
لە چوارەم کۆبوونەوەی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا لە ئەنقەرە، وهزیرانی بهرگریی توركیا و عێراق یاداشتێكی لێگهیشتنیان لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی و روبەڕوبونەوەی تیرۆر واژوو كرد، دیارترین خاڵی یاداشتەکەش گرتنەبەری رێکاری یاساییە لەلایەن عێراقەوە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە).
لەمبارەوە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئەم یاداشتە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان بەرەو پێشتر دەبات و دوپاتکردنەوەی پابەندبوونی هاوبەشمانە بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدەستبهێنێت".
هاوکات دەڵێت" عێراق ڕێکاری یاسایی، سیاسیی و کارگێڕی بۆ ناساندنی پەکەکە و ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی ئەو پارتە دەکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بخاتە لیستی حزبە قەدەغەکراوەکانەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بێدەنگی بەرامبەر لەشکرکێشییە بەرفراوانەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردووە بە پاساوی "ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکە"، و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پاساوی ئەوەی سەر بە پەکەکەن بڕیاری دا هەریەک لە تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزدی و بەرەی تێکۆشانی دیموکرات قەدەغە بکات و هەڵبوەشێندرێنەوە.
یەکەم کۆبوونەوەی باڵای ئەمنیی هەردوولا لەدوای سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ ئەنقەرە لەساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. لە سەردانەکەی هاکان فیدان کە مانگی ئابی ٢٠٢٤ بۆ بەغدادی ئەنجامدا، پرسی گفتوگۆ ئەمنییەکانی نوێکردەوە و لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە ئەنقەرە دووەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمنیی هەردوو وڵات بەڕێوەچوو. لە ١٤ی ئازاریی هەمان ساڵ، سێیەمین کۆبوونەوەی ئەمنیی هەردوو وڵات لە بەغداد بە بەشداریی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا ئەنجامدرایەوە. دیارترین ئەنجامی کۆبوونەوەکەش بۆ تورکیا، ناساندنی پارتی کریکارانی کوردستان بوو لەلایەن عێراقەوە بە رێکخراوێکی قەدەغەکراو. کۆبوونەوەکەی سبەینێش دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوە.