ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان دواکەوتنی مووچەی مانگی ئاب لە عێراق ڕادەگەیەنێت و دەڵێت" بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە مووچە دوادەکەوێت".
مستەفا گەرعاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کەمی پارەی نەختینەی داراییەوە ئەگەری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران هەیە.
راشیگەیاند" پێشتر بەشێک لە وەزارەت و فەرمانگەکان لە ڕۆژانی ١٦-١٨ی مانگ مووچەی فەرمانبەرانیان دەدا، بەڵام ئێستا تا ٢٦ دوادەخرێت، ئەم دە ڕۆژە دواکەوتنە بەهۆی کێشەیەکەوەیە لە دابینکردنی پارەی نەختینەیی".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" بەپێی دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی، تەیف سامی، دووپاتی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەران بیمەکراوە بۆ مانگی ئاب".
لە چەند مانگی ڕابردوودا فەرمانبەران لە عێراق گلەیی ئەوەیان هەبووە مووچەکانیان تا کۆتایی مانگ دواکەوتووە، لەکاتێکدا لە ١٦ تا ٢٦ی هەموو مانگێک مووچەکانیان وەردەگیرا.