ڕاوێژکارێکی سودانی: هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد بوەتە هۆی دواکەوتنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان

ڕاوێژکارێکی سودانی ئاشکرای کرد، هێرشی ئەمجارە بۆسەر عەین ئەسەد بوەتە هۆی دواکەوتنی چونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئاماژەی بەوەشکرد هێندێک گروپ و لایەن نایانەوێت هێزە بیانییەکان عێراق بەجێبهێلن بۆیە ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە.

زیا ناسڕی ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی لەگەڵ( کەناڵی روسیا تودەی) ڕاگەیاند" بەئامانجگرتنی ئەم دواییەی بنکەی عەین ئەسەد و پێشهاتە ئەمنییەکان لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا بوەتە هۆی دواکەوتنی ڕاگەیاندنی چونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق".

ناسری ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئێستادا دانوستانەکان دەربارەی کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی چونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە هۆی ئەو بارودۆخەوە ڕاگیراوە.

ئاشکراشی کرد، لیکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو گروپ و لایەنانەی هێرشەکانیان ئەنجامداوە، بەردەوامە.

راوێژکارەکەی سودانی وتیشی" کات و ساتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە ئامانجدارە و ، چەند گروپێکی دیاریکراو بەرژەوەندی هەیە لە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆیە ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە".



AM:11:32:18/08/2024