باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و دەڵێت" مافەکانی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات".
ئالینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاویکردەوە" نیگەرانین لە هەموارکردنەوەی پێشنیارکراوی پڕۆژەی یاسای باری کەسێتی عێراق کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان".
دەشڵێت" داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکەین بەشداری گفتوگۆیەکی شارستانی بکەن کە بە تەواوی ڕێز لە ئازادی ئایین یان بیروباوەڕ و مافەکانی ژنان و منداڵان بگرێت".
ئەو یاسایەی کە پەرلەمانی عێراق کاری لەسەر دەکات، کاردانەوەی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە، لەوانەش یاساناسان، پارێزەران و ژنانی چالاکوان لە بواری مافەکانی خێزان و منداڵان.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، ئەگەر هەموارکردنەکە پەسەند بکرێت، کاریگەری لەسەر مافەکانی ژنان و کچان دەبێت کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەستەبەرکراون، بەو پێیەی ڕێگە بە هاوسەرگیری کچانی تەمەن نۆ ساڵان دەدات.
ڕێکخراوەکە داواشی لە پەرلەمانتارانی عێراق کردووە کە هەوڵەکان ڕەتبکەنەوە بۆ لێسەندنەوەی پارێزگاری یاسایی لە ژنان و کچان، هەروەها" ڕەتیبکەنەوە دەستبەرداری ئەو مافانە بن کە بە درێژایی دەیان ساڵە بە زەحمەت بە دەستیان هێناوە".