لە مانگی تەموزدا لە سەرتاسەری عێراق جیا لە هەرێم، ٢٦ هەزار و ٦٢ حاڵەتی هاوسەرگیریی و شەش هەزار و ٣٤٤ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، واتە رۆژانە ٢١١ حاڵەت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماری حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی و جیابوونەوەی لە مانگی تەمووزدا بڵاوکردەوە، و رایگەیاند" لە تەواوی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان ٢٦ هەزار و ٦٢ حاڵەتی هاوسەرگیریی و شەش هەزار و ٣٤٤ حاڵەتی جیابوونەوە لە ناوەوە و دەرەوەی دادگاکان تۆمارکراوە."
بە گوێرەی ئامارەکە بەراوورد بە مانگی حوزەیران، هەردوو حاڵەتی هاوسەرگیریی و جیابوونەوە زیادیکردووە و مانگی رابردوو، رۆژانە ٢١١ حاڵەت و لە کاتژمێرێکدا ٨ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە.
لە راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقدا هاتووە" لە مانگی حوزەیراندا، ٢٣ هەزار و ٣٢٣ حاڵەتی هاوسەرگیریی و چوار هەزار و ٧٧٩ حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە".
لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی رابردوودا، ٥٣ هەزار و ٨٧ حاڵەتی هاوسەرگیریی و ١٤ هەزار و ٣١٢ حاڵەتی جیابوونەوە و ٨٣ حاڵەتی هێنانی ژنی دووەم تۆمارکراوە.