"عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٧ ترلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچە"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی دارایی مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٧ ترلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران". 

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە" بانکی ناوەندی عێراق بەردەوامە لە دابینکردنی نەختینەیی کاش بۆ وەزارەتی دارایی کە لە بەرامبەردا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی خەرجکردنی مووچە و قەرز و پڕۆژەکانی داراییەوە بۆ هاوڵاتییان دابین دەکات". 

وتیشی" وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک پێویستی بە زیاتر لە ٧ ترلیۆن دینار بە دراوی نەختینە هەیە، بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی". 

کازمی جەختی لەوە کردەوە کە، مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی بیمە کراوە و هیچ دواکەوتنێکی تێدا نییە. 



PM:06:24:22/08/2024